Get Mystery Box with random crypto!

@tapuynusrawe #شیعر ـــــــــــــــــــــــــــــ دەمەوێ لە | تاپوی نووسراوە


@tapuynusrawe

#شیعر
ـــــــــــــــــــــــــــــ

دەمەوێ لەگەڵت بدوێم و دڵم نایە
ئەی کۆترە باریکەی سەرشین و باڵ خوێناویی
نازانم بەو نامەیە دەتکولێنمەوە یان دەتلاوێنمەوە...
ئەی ژیلەمۆی دامرکاوی شەش سکڵی سوور،
ئەی یادگاری خۆشەویستترین خۆشەویستەکانی کوردستان
ئەی ژنە پێشمەرگە،
ئەی پێشمەرگەی ژن...

دەسا نەرمەناوێنەکە!
گەردنی شووشت شۆڕ کەوە و بڕوانە ئاوێنەی چەم،
وێنەی چوار کەلەبچەت دەخاتە بەردەم!

دەسا ئەی کۆترە باریکەکە!
باڵ بوەشێنە
سنوور بپەڕێنە
چاوی فرمێسکاوی هەڵێنە
لەمپەڕ تا ئەو پەڕی کوردستان گۆمی خوێنە!

ئەی پەپوولە زێڕینەکە !
داگیرکەران لەسەر نەخشەی جوغرافیا چوارمێخەیان کێشاوی،
دەسا هەوڵێ، هیمەتێ!
خۆت ڕاچڵەکێنە!
داوی دیلی بپسێنە!

خوار و ژوور،
گەرمێن و کوێستان،
لەم گوڵ بۆ ئەو گوڵ،
لەم چڵ بۆ ئەو چڵ،
بفڕە و بنیشەوە!

بۆنیان پێوەکە و
بینیان پێوەنێ
هیچیان مەدوێرە
هیچیان هەڵماوێرە
سەرتاپای ئەم کوردستانە ڕەنگینە
یادگاری عەشقی شیرینە
بست بە بستی ئەم خاکە خەمبارە
گڵکۆی تازە یارە...

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#سەلاح_موهتەدی
#تاپوی_نووسراوە

@tapuynusrawe