Get Mystery Box with random crypto!

@tapuynusrawe #شیعر ــــــــــــــــــــــــــــــ 'ئاوا بو | تاپوی نووسراوە


@tapuynusrawe

#شیعر
ــــــــــــــــــــــــــــــ

"ئاوا بوون"

دڵم...
ئەوە چەندین ساڵە... دڵم
وەک زەنگی کڵێسایەکی کاولبوو...
تۆز و گەردی... هەموو دنیای لێ نیشتووە!
جاران... دەستی ڕەحمەتێک دەهات...
هەزاران ئاوازی ڕەنگاوڕەنگی... هەڵدەوەراند...
هەر ئاوازێک هەزاران کۆترە باریکەی تریقە و خۆشی...
لە ئاسمانی چاوەکانما هەڵدەفڕاند...
*

ئەمێستا من
بوومەتە گوندێکی چۆڵ و خەرابات
کڵێسای ڕۆح... بێ سایە و سێبەر و سابات...!
هەردوو باسکیشم... دوو باڵی خاچێکی شکاون
بێناز... کەوتوون!
*

دڵم زەنگی تۆزلێنیشتووی کڵێسایە
کچە گاورێکی ڕەنگزەرد و...
چاوزەرد و نەخۆش... عاشقە عیسا.. نایەت و.. ئەم زەنگە لێ دا..!
تا خۆڵ و گەردی سەر باڵام..
تۆزی ناو گەرووم...
بداتە دەم "با"..!
زەنگی چی..؟
زەنگی ژەنگگرتوو دڵی منە
ژێرکەوتووی تۆز و خۆڵی خەم و مردنە.!
***

ڕەنگە سبەی..
یان دوای سەدان ساڵی تر...
هەر بە ڕێکەوت... قەلەڕەشێکی ڕەحمەت
لەسەر زەنگی ئەو دڵە تۆزلێنیشتووەم هەڵبنیشێ...!
ئەوسا.. ئاوازێکی کپ و غەمگین وەک خوێنی ڕەش...دادەچۆڕێ.
تک تک دەڕژێ...
تا کڵێسای کاولبووی عومرم..
سەرخوێن دەکەوێ..!
ــــــــــــــــــــــــــــــ

دارشەقەکانی نیشتمان و دواهەمین ورتەورتی من
#شێرزاد_حەسەن
#تاپوی_نووسراوە

@tapuynusrawe