Get Mystery Box with random crypto!

@tapuynusrawe #کورتە_ڕۆمان کورتەیەک لە ڕۆمان ــــــــــــــ | تاپوی نووسراوە


@tapuynusrawe
#کورتە_ڕۆمان

کورتەیەک لە ڕۆمان
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

هەر لەو شەوە سەیرەدا غەزەلنوس بەسەر دەستە سیحراویییەکانیدا دەنوشتایەوە و ماچی دەکرد و دەیگوت: "تریفە یابەحری شووم پێبکە و ببە بە هاوڕێی ژیانم."

کەس نازانێت داوایەکی وا سەیر و کتوپڕ لە چییەوە هاتووە؟
دەبێت ڕیشەکانی لەو کولتوورە لە ناکاو و پەلەیەوە هاتبێت کە نێرانی ئەم وڵاتە چەندین سەدەیە دەیگرنە بەر؟ ئەو کولتوورەی پیاوێک لە ناکاو دەچێتە بەردەمی خانمێک و داوای پەیوەندی لێدەکات، داوای هاوسەری لێدەکات و لە هەمان ئان و ساتیشدا وەڵامێکی ڕۆشن و ڕوونی دەوێت؟

یان لە شەیداییی غەزەلنوس و سەرسامییەوە بە تریفە یابەحری سەرچاوەی گرتووە، یان لە هەوڵێکی جوامێرانەی پیاوێکی مەردەوە هاتووە کە بەڕاستی ویستوێتی ئافرەتێک لە میحنەتێکی ڕاستەقینە و گەورە دەربهێنێت؟

هەموو ئەو منداڵانەی ئەو شەوە هاتنی تریفە یابەحرییان لە نزیکەوە دی، تەواوی وردەکارییەکانی ئەو چەند سەعاتەیان لە یادە، هەموو ئەو ساتەیان لە بیرە کە غەزەلنوس وەک ئەوەی جنۆکەیەکی ڕەش دەستی لێوەشاندبێت، یاخود بووبێت بە داوی یەکێک لە خەیاڵە بێپەروا و باڵدارەکانی تریفەوە،
لە بەردەمیدا کڕنوشدەبات و دەڵێت:

"ئاسمان و هێزە سەیر و نادیارەکانی دونیا تۆیان ناردووە، من و تۆ بە ڕێکەوت یەکترمان نەبینیوە، تۆ ئەمشەو هەروا ئاسان ڕووت لە ماڵی من نەکردووە، من وەچەی غەزەلنوسەکان و تۆ کچی خەیاڵە ناکامەکان، تا مردن هاوڕێت دەبم.
پێویستم بە تۆیە و تۆش پێویستت بە منە، تۆ ئەو نیوە خەیاڵییەی منیت کە فڕیویت و کەوتوویتە سوچێکی تری دونیاوە".

ساڵانێکی درێژ منداڵان ئەو قسە سەیرانەی غەزەلنوسیان دەگوتەوە...
ئەو تۆن و شێوە گوتنەیان وەک خۆی لاسایی دەکردەوە، کوڕەکان دەچوونە بەردەم کچەکان و کڕنوشیان دەبرد و بە لاقرتییەوە دەیانگوت "ئەم شەو خەیاڵ تۆی ناردووە تا ڕزگارم بکەیت و ڕێگام بدەیت ڕزگارت بکەم."

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#غەزەلنوس_و_باغەکانی_خەیاڵ
لاپەڕەی: 427
#بەختیار_عەلی
#تاپوی_نووسراوە
@tapuynusrawe