مەقامەکانی ئەم کەڵە هونەروەرە گوارەی زێڕینی گوێچکەی مووسیقای کوردین کە بۆ هەتاهەتایه دەدرەوشێن و دەلەرێنەوە. لێوانلێون لە حەز و تاسە و تامەزرۆیی و خۆشەویستی و سۆز و دووری و غوربەتی و لێقەوماوی و ماڵوێرانی و دەربەدەری گەل و نیشتمان.
دیارە کە باسکردن لەسەر کەڵە هونەرمەندێکە زیاتر لە نیو سەدەیە بەردەوام گۆرانی دەچڕێ، بە سانایی نییە و لە چەن دێڕدا ناگونجێ و ئەرکێکی گرانە، ئەوەیکە لەو چەن دێڕەی سەرەوە #دەروەچی #تاپوی_نووسراوە خستییە بەر دیدەی خۆشەویستان و ئاراستەی لاگرانی و داشدارانی هونەر و کلتووری ڕازاوەی کوردی بەتایبەت هونەری گۆرانی کرد، بەرکوتێک بوو لە خەرمانەی ڕازاوە و بە پیتی ژیانی هونەری مامۆستا #ناسر_ڕەزازی. بە هیوای تەمەندرێژی بۆ کاک ناسر و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەی هێڵی سنوور بسڕدرێتەوە و دووری بەسەر چێت و "بارگەی خەم"ی لە کۆڵ نێت و "ئاکامی عومری [بێتەوە] هێلانەکەی" و بە دیداری زێدەکەی شاد بێتەوە.
کێ بێ یادی ڕەزازی نەکا و بە نەغمەی بەسۆزی مەقامەکانی زاخاوی دڵ و دەروون نەداتەوە. لە کۆتاییدا لەگەڵ ئێوەی ڕێزدار و هێژا تێکەڵی سۆزی مەقامێکی #ناسر_ڕەزازی و سەمای وشەی و ڕستە هەرمان و ڕەنگاڵەکانی ئیمپراتووری شیعری دنیا #شێرکۆ_بێکەس دەبین و وەکو هەرجارە هەتا #دەروەچێکی تر بە خۆشەویستی و هونەرتان ئەسپێرین.