2022-06-22 12:10:07
@tapuynusrawe
نموونەیەک لە پەندەکانی #پیرەمێرد:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
حەزدەکەی دوور بی لە گێرە و کێشە
بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە.
شەڕنەکەر پیشەی زوو دانیشتنە
بەردی زل بەڵگەی نەھاویشتنە.
ئاو بتبا مەچۆ سەر پردی نامەرد
چش با بخنکێی بە سەد ئێش و دەرد.
شوێن بۆ سەر پیشەی خۆی دەچێتەوە
گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە.
قەل ئەڵێن لاسای کەوی کردەوە
ڕۆینەکەی خۆیشی لە بیر بردەوە
مەشھوورە بزن بۆ تاقە شەوێ
جێگای خۆش دەکا لە کوێ وەرکەوێ.
ناشکوری مەکە بەم بەشە کاکە
لە قوڕ ئەوەندە تۆز ھەستێ چاکە.
زۆر گوڕتان خوارد و بازێکتان نەدا
بۆیە باوەڕتان پێناکەین بەخوا.
ئەمڕۆ بەکەڵکە تۆ بە دۆست دەرچی
پاش لێزمە و باران کەپەنک بۆچی.
مادام دنیایە و ئەمانەی تیایە
پیاوی دنیایی لە برەودایە.
کە قەلەڕەشمان ڕێ نیشاندەر بێ
ئەبێ گەورەمان ھەر دەربەدەر بێ.
ئەمە دووجارە ئەکەوینە چاڵ
زەرە دەبینین بە ماڵ و مناڵ.
ھێشتا پیاوی چاک لێک ناکەینەوە
گرەو لە پیاوی بەد نابەینەوە.
ناوەجاخ بێنە بیخەرە سەر کار
لە پێشدا برای خۆی ئەدا لە دار.
سوحبەتی نادان تاڵ ڕابواردنە
لە دوای کەر ڕۆیین، تەرس بۆن کردنە.
مەیەڵن نەفام دەنگی دەربێنێ
سەگی ھەڵەوەڕ دزتان بۆ دێنێ.
شێخ ئەڵێ: ئاگام لە عەرش و قورشە
کێت دیوە بە دۆی خۆی بڵێ ترشە.
سەبری عاشق و پارەی دەستبڵاو
قەرار ناگرن بیشیان خەیتە داو.
ئەوی بە ھێزی قۆڵی ئەنازێ
زوو پەکی ئەخا سەختی ھەورازێ.
بە ڕێسی خەڵکی بۆچ ئەڵێی: پەتە
زوبانت بێڵێ سەرت ڕەحەتە.
پیاوی زۆربڵێ بۆ دۆزەخ بەرە
لەوێشدا ئەڵێ: دارەکەی تەڕە
ئاگری درۆزن ساتێک ئەگڕێ
بەڕە ھەر لە لای تەنکی ئەدڕێ.
ئەم قەومە وەکو مەڕی بێ زمان
دوای ھەر کەسێ کەوت نەیبردە ناوڕان.
وا دامەنیشە تەمەڵ و بەتاڵ
تا نەگری مەمک نادەن بە مناڵ.
پەسەندتر بوو چ ئێستا و چ زوو
ڕێوی گەڕیدە لە شێری نووستوو.
پشیلە دەمی بۆ دووگ نەدەچوو
دەیگوت چەند سوێرە، پێم ناخورێ پەکوو.
پیاو کارێ بکا کە پێی بووەستێ
دوو شووتی ھەڵناگیرێ بەتەنھا دەستێ.
خۆت لێنەگۆڕێ گەر بوویتە گەورە
مەشھوورە دنیا بە پێچ و دەورە.
ھەڵە و لەبیرچوون جاروبارێکە
ئەڵێن ھەر ئەقڵە و لە خەسارێکە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#تاپوی_نووسراوه
@tapuynusrawe
393 views09:10